عومەر خەییام

ئەبوولفەتح عومەر کوڕی ئیبراھیم خەییام، ناسراو بە «عومەر خەییام» لە ساڵی ٤٣٩ی کۆچی مانگی لە شاری نه‌یشابووری ئێران لە دایک بووە. خەییام یەکێک لەو مەزنە تۆرەڤانانەی ئێران و تەنانەت جیھانیشە کە نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەی تەنانەت بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش جێگەی فەخر و سەربەرزییە. ئەو مرۆڤە بلیمەتە لە زۆربەی زانست و ھونەر و… سەردەمی خۆیدا شارەزا و وەستا بووە و لە حیکەمت و ئەستێرەناسیدا کەموێنە بووە. زۆر لە خەڵکان ھەرکات گرێیەکیان لە کارەکانیان دەرکەوت و بۆیان نەکردایەوە ھانایان وەبەر خەییام دەبرد. خەییام یەکێک لە لایەنگرانیئیبنی سینا بووە. خەییام گەلێ سەفەری بۆ ئەملاوئەولایان کردووە وەک: ئیسفەھان، بەلخ، ھەرات، سەمەرقەند، بوخارا و حیجاز و… ھتد. عومەر خەییام لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بە دەستووری جەلالەدین مەلەکشای سەلجووقی ڕۆژژمێری ئێرانیی دەستکاری و نۆژەن کردەوە و زۆر کاری دیکەی لەو بوارەدا بە ئەنجام گەیاند. سەرەنجام خەییامی نەیشابووری لە ساڵی ٥١٧ی کۆچیی مانگی بۆ ھەمیشە بەرەو ھەوارگەی باوەجێ ڕۆیشت و لە «ئیمامزادە محروق» لە نیشابوور بەخاک ئەسپێردراوە. ھەنووکە گۆڕی خەییام بووەتە زیارەتگەیەکی پیرۆز بۆ ئەدەبدۆست و ھونەرمەندانی ئێران و جیھان.

ناوبانگی خەییام لە سەردەمی خۆیدا زۆرتر لە بوارەکانی حێکمەت، پزیشکی، ئەستێرەناسی و بیرکاریدا بووە. لەو کاتەدا بە ھیچ شێوەیەک شاعیری نەکردووەتە پیشەی خۆی و سەرەڕای چوارینە ڕەنگینەکانی بانگەشەی شاعێرێتی نەکردووە. بەڵام ھەنووکە ناسراویی و ناوبانگی خەییام زۆرتر بە خاتری چوارینە فەلسەفییەکانییەتی. خەییام سەرەڕای نێوبەدەرەوەیی زانستی و کەسایەتیی و بلیمەتی، لە ھۆنینەوەی ھەڵبەستەکانی (چوارینەکانی) دا ھەرچەندە کەم، بەڵام پاراو و پڕ نێوەرۆک خەییامی گەیاندووەتە لووتکە، چوارینەکانی خەییام لەوپەڕی ڕەوانی و پاراویدا، بەدوورن لە ھەر چەشنە ڕواڵەت سازییەک. ھەڵبەست و ھۆنراوە ڕەنگینەکانی سەرەڕای سادە و ساکار و ڕەوان بوونیان، لێوڕێژ و پڕن لە واتا و چەمکی فەلسەفیانە. ھەربۆیەش تاکوو ئێستا بەچەندین زمانی زیندووی جیھان وەڕگێردراون.

لە ڕاستیدا خەییام لە ھەڵکەوتووترین ھەڵبەستڤانێکە کە، ھەڵبەستی بۆ بیروەزری فەلسەفی خۆی بەکار ھێناوە و ھەڵبەستەکانی زۆر بە ڕوونی و جوانی توانیویانە پەیامە فەلەسەفییەکانی بۆ سەرانسەری جیھان و کۆمەڵگەی مرۆیی بگوازێتەوە.

سەرسووڕمان لە خولی دەوران، نەگەیشتن بە ڕاز و نیازەکان، مەرگ و نەمانی مرۆڤ، ناپایەداری گەردوون، لەدەستنەدانی ھەل و کات، بێتوانایی و دەستەوەستانیی مرۆڤەکان لەھەمبەر سووڕی زەمەن لە چەمکە سەرەکییەکانی ھەڵبەستەکانی خەییام پێک دێنن.

خەییام مرۆڤێکی سەمەرە (فوق العادە) بووە کە پایە و کۆڵەکەی ھزر و ئەندیشە فەلسەفییەکانی لە شوێن و کاتێک دامەزران کە لێواولێو بووە لە نەزانی و جەھل و دەمارگرژی.

کۆمەڵێک خەییام بە سۆفی دەزانن و واتا و چەمکی سۆفیانە لە چوارینەکانیدا ھەڵدەھێنجن. ئەگەرچی لە ھەندێک پەیڤ و ھۆنراوە و چوارینەکانی وتار و چەمکی سۆفیانە ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە: بێبایەخ کردنی دنیا و زەمەن و کات! ئیدی ئەوە ھۆی ئەوە نییە کە خەییام سۆفی بووە. دەکرێ بڵێین کە خەییام لەو تاقانە بلیمەت و زانایانەیە کە ئێستاشی لەگەڵ دابێ ھزر و ئەندیشە و بیرەکانی چرای ڕێگای داھاتوون. ھێڵی سەرەکی ھزر و ئەندیشەی خەییام خوێندنەوە، ئاگاکردنەوەی مرۆڤ لە گەردوون و مەرگ و ژیانە. بۆ ئەوەی بێ وەفایی و بێ برەویی گەردوون و جیھان باشتر بۆ مرۆڤەکان دەربخا و سام و قەڵافەتی مەرگ ڕوونتر دەکاتەوە باسی مەرگی «پەری ڕوومەتان» دەکا و دەڵێ:

خاکێ کە لەژێر پێ و پلی شوانانە سنگ و مەمک و کوڵم و دەمی جوانانە یان بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتدران و خاوەن کۆشک و قەڵایان نیشان بدا کە، مەرگ ڕۆژێک بەرۆکی ئەویش دەگرێ، دەڵێ:

ھەر خشتێ لە لا قوژبنی دیوارێکە
یان شانی وەزیرەیان سەری سوڵتانێکە
ئەم گۆزە کە جێ ئاوی کرێکارێکە
چاو و دڵی چەندە وەزیر و خونکارێکە

خەییام باوەڕی وابوو کە مرۆڤ لەھەمبەر چەرخی گەردوون لاواز و دۆش دامانە. واتە ھەرچەندە بەرزبێتەوە و ھەرچەندە نزم بێتەوە و چەندە کەم و زۆر کات سەرەنجام ڕۆژێک مەرگ بەرۆکی دەگرێ!؟ ڕاوێژی خەییام لە ھەندێک بارودۆخدا سەرەڕای «لێبڕاوێتی» لە پەیڤدا، سارد دەبێتەوە و بۆ وێنە: مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی دەستەوەستان و بێدەسەڵات نیشان دەدا و لە ھاتن و چوونی مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ:

ھاتوومە جیھان چم بە چ کرد؟ تێگەی: ھیچ
ھەر بنج و بنەوانی جیھان دەرخەی: ھیچ

یان:

ئەم کۆنە سەراو پەردەکە دنیای ناوە
شایی لەبەرێک، شینە لە پیێنسەد لاوە

یان:

لەم ھاتنە بێھوودەیە بیرم شاشە
سەرباری خەمان بیروخەمی ئەولاشە

لە ڕوانگەی خەییامەوە ڕاز و نێھنییەکانی سروشت زۆر لەوە قووڵتر و پڕماناترن، کە گرێی ئەو ڕازە ھەروا بە ئاسانی بکرێتەوە. بەڵام بنەمای گەردوون لە ھاتن و چووندا دەبینێتەوە!! قسە لەسەر خەییام و، بیرو باوەڕی خەییام بێکۆتایییە. خەییام ھەڵکەوتوویەک بووە کە لە چاخی خۆیدا ئەگەر لە ھەموو خەڵکی دەورووبەری خۆی زاناتر نەبووبێ، لە ھەمووان ئازاتر و بوێرتر بووە." لە جیھان ورد بووەتەوە و تێی ڕوانیوە و زانیویە کە ئەم کردارە ڕەنگین و سەنگینە بە بێ وەستا نەکەوتووەتە گەڕ و دانەر و ڕانەرێکی ھەر دەبێ ھەبێ".

خەییام لە ھەموو لێکدانەوەکانیدا گەیشتووەتە سەر ئەو قەناعەت و باوەڕە کە تێگەییوە کە ھیچی لێ تێناگا؟! ئەوەش بەڕاستی پایە و بنەمایەکی بەرزە لە زانستدا و، بۆ ئێمەی مرۆڤی ئەو سەردەمە دەبێ وەک قوتابخانەیەک سەیری بکەین و لێی فێربین.

سوقرات دەڵێ: من و خەڵکی ئاتینا نەزانین. من دەزانم کە نەزانم. بەڵام ئەوان ئەوەندە زانا نین کە بزانن نەزانن. ھەر ئەوە جیاوازییە گەورەیەش دەبێتە ھۆی کوشتنم.

سەرچاوەکاندەستکاری

بەستەرە دەرەکییەکاندەستکاری

🔥 Top keywords: دەستپێکڤیگنیزمتایبەت:گەڕانمافەکانی مرۆڤئیسلامشەڕی بەدرتایبەت:دوایین گۆڕانکارییەکانقازی محەممەدکۆمپیوتەرپیرەمێردمۆدیوول:Argumentsلیۆنێل مێسیسەڵاحەددینی ئەییووبیدادپەروەریکوردستانناوکەیەکگرتنمێژووی کوردئەدۆڵف ھیتلەرمحەممەدقورئانچێکاشاڵاوی ئەنفالڕۆژژمێری کوردیھەولێرنەورۆزئاڵای کوردستانعومەر کوڕی خەتتابڕاپەڕینی ١٩٩١ویکیپیدیا:دیوەخان (سیاسەت)نالیئادیابینقوزھەرێمی کوردستانسلێمانیپەندی پێشینانئازادیی دەربڕینعەلی کوڕی ئەبووتاڵیبجەنگی جیھانیی یەکەممەلا مستەفا بارزانیمەحویئامێدیزستانپەردەی کچێنیپۆستەرئەفغانستاننزار قەبانیشازادە دایاناتۆپی پێنەتەوە یەکگرتووەکانمادکەرکووکزمانی کوردیبالەمۆدیوول:Namespace detect/dataڕێزمانی کوردیویکیپیدیا:سەبارەتئاشتیشەوی قەدرئەحمەدی خانیعێراقدیموکراسیوەرزششێخ سەعیدتۆپی دەستڕەمەزانئەبووبەکری سدیقکیمیابارانی ھەڵەبجەئایەتەلکورسیزانستکیبۆردی کۆمپیوتەرزەکاتکۆماری کوردستاننوێژی تەراویحڕۆژژمێری کۆچیپارتی دیموکراتی کوردستانئاسیابەڕازیلجلی کوردیتۆپی سەبەتەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایارمەتی:ناوەرۆکعومەر کوڕی عەبدولعەزیزمووسالەیلا قاسمکەروێشکئازادیدڵدارئیندۆنیزیائیسماعیلی دووەمئەورووپابەھارویکیپیدیا:پەیوەندیسێکسزمانی عەرەبیکوردبافڵ تاڵەبانیویکیپیدیا:بەرپرسنەبوونیووسف لە ئیسلامداحەپسەخانی نەقیب