فەزیلەت (وەرگێڕانەکان: ڕەوشتبەرزی، ئاکارباشی، ڕەندی) چۆناوچۆنیی بەسەرداھەبوونە لە باری ئەخلاق یا زانایی یا تێگەیشتوویییەوە. باوەڕ ئەوەیە کە داچاندنی فەزیلەتەکان و برەوپێدان و وەڕمێنخستنیان خێری بەشەر و قازانجی مرۆڤایەتیی تێدایە و، بەم بۆنەوە، وەکوو ئامانج و مەبەستی دوایین لە ژیاندا دەنرخێندرێن و، لە جێگای بنەڕەتیترین پرەنسیپەکانی بووندا دادەنرێن. لە ئەخلاقیاتی کرداریدا، فەزیلەت بە مانای خوو و خدەی ھەڵبژاردنی ئەو کردەوە و قسانەیە کە ستانداردی ئەخلاقیی بەرز بنوێنن، یانی کردنی ئەوەی دروست و ڕەوایە و نەکردنی ھەر چی ھەڵە و ناڕەوایە.

ئەدەب، ئازایەتی، لەکارزانی، بەبەزەییبوون، دڵاوابوون، عەداڵەت، وەفا، خاکەڕایی و بێدەماری، ڕاستبێژی، سادەیی، سنگفراوانی، پشوودرێژی و، قەبووڵکردنی بەرپرسیارەتی، چەند نموونەیەک لە فەزیلەتەکانن.[١]

وشەکان دەستکاری

وشەی فەزیلەت عەرەبییە و بە مانای بەرزبوونی پایە و بەسەرداھەبوونە.[٢] وشەی virtue کە لە زمانی ئینگلیزیدا بە کار دێ لە بنەڕەتدا بە مانای پیاوەتی و جوامێری و مەردوڕەندییە.[٣] لە کوردیدا ھەندێ جار «ڕەوشتبەرزی» دەوترێ. عەلی نانەوازادەش لە وەرگێڕانی وەھای گوت زەردەشتدا وشەی «ئاکارباشی»ی وەک ھاوسەنگی کوردیی فەزیلەت بە کار بردووە.[٤] ھەروەھا، ئازاد بەرزنجی لە وەرگێڕانەکەی بۆ ھەمان کتێبی نیچە وشەی «ڕەندی»ی بە کار ھێناوە.[٥]

لە یۆنانی کۆندا دەستکاری

فەیلەسووفان ماناگەلی جیاوازیان بۆ فەزیلەت پێشکەش کردووە. سوقرات فەزیلەتی بە ھاوسەنگی مەعریفەت دەزانی، بەو مانایە کە کەسی ئاقڵ ئەوە دەکا کە دەزانێ ھەقە و دروستە. ئەفلاتوون دەیوت فەزیلەتی ھەر شتێ کەماڵی ئەو شتەیە. ئەرەستووش پێی وا بوو کە فەزیلەت دەبێ گرتنی «ڕادەی ناوەڕاست»[تێبینی ١] دەستەبەر بکات.[٦] مەبەست لە ڕادەی ناوەڕاست یا ناوەڕاستی زێڕین[تێبینی ٢] ئەو ڕادەیەیە لە نێوان زۆر و کەمدا کە دڵخواز و پەسەندکراوە. بۆ وێنە، لە ڕوانگەی ئەرەستووەوە، نەترسی و ئازایەتی فەزیلەتە، بەڵام لە ڕادەی ناوەڕاستدا؛ ئەگەر زۆر بێ ئیتر ئازایەتیی پێ ناوترێ و ناوی ھەڵەشەیی و سەرەڕۆیی و تەنانەت گەوجییە، ئەگەریش کەم بێ ترسەنۆکی و نەوێرییە.[٧]

تێبینییەکان دەستکاری

  1. ^ بە فارسی: حد وسط
  2. ^ بە ئینگلیزی: Golden mean یا Golden middle

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Virtues - Wikiversity". en.m.wikiversity.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-04-02.
  2. ^ موکریانی, گیو. فەرھەنگی نۆبەرە.
  3. ^ "virtue | Etymology, origin and meaning of virtue by etymonline". www.etymonline.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2023-04-02.
  4. ^ نیچە, فریدریش (2001). وەھای گوت زەردەشت. Translated by نانەوازادە, عەلی. ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
  5. ^ بەرزنجی, ئازاد. زەردەشت وەھا دوا. سەردەم.
  6. ^ "بررسی تطبیقی فضیلت از دیدگاه کانت و فارابی".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ ئەرەستوو، ئەخلاقیاتی نیکۆماخۆسی.